ولامی کاکه محمد ژیان سه باره ت به وتوویژی گوڤاری لڤین له گه ل ئاغای” صلاح مهتدی”

 

بسم الله الرحمن الرحیم

   
    کار به ده‌ستان‌و به‌ڕێوبه‌رانی به‌ڕێزی گۆڤاری «لڤین»! دوای سڵاوو ئاواتی سه ربه‌رزیتان، تکایه ئه‌م نامه‌يه له وه‌رامی قسه‌و باسه‌کانی «کاک سه لاحی موهته‌دی»دا، که سه‌باره‌ت به بیرو راو که‌سایه‌تی‌و هه‌ر ‌وه‌ها ڕه‌فتارو هه‌ڵس‌و که‌وته‌كانی «کاکه ئه‌حمه‌دی موفتی‌زاده» دواوه، هه‌ر له‌و به‌ش‌و لاپه‌ڕه‌دا چاپ بکه‌ن. به‌و ئومێده تیشکێ بخاته سه‌ر به‌شێک له نادیاره‌کان‌و راستيه‌كه‌ی بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێزی لڤين ده‌ر که‌وێ.  
  ۱- باس کردن‌و لێ‌كۆڵينه‌وه‌ی رابردوو، ئه‌گه‌ر بۆ وه به‌ر چاو خستنی هه‌ڵه‌کان‌و روون کردنه‌وه‌ی رێگای داهاتوو بێ، کارێکی یه‌کجار باش‌و به‌نرخ‌و پێویسته؛ به‌و مه‌رجه‌ی دوور له لایه‌نگری‌و ته‌عه‌سوب بۆ لایه‌ک‌ و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی دیکه‌دا بێت‌و واقیعی رووداوه‌کان به به‌ڵگه‌وه بخاته به‌ر چاوان.   
 ۲- کاک سه‌لاح به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خاڵه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ کرا، پاكانه بۆ كرده‌وه‌كانی رابردووی «کۆمه‌ڵه» ده‌كاو زۆر به زيره‌كيه‌وه به نێوحیمایه‌ت‌و پشتیوانیی له مافی ره‌وای گه‌لی کوردو ئه‌و كۆڕ‌و کۆمه‌ڵانه‌ی که بۆ ئه‌و مافه تێ‌ده‌کۆشن، ده‌یه‌وێ هه‌ر خۆی‌و هاوفیکرانی دڵسۆزو لایه‌نگری کورد و کوردستان له قه‌ڵه‌م دات‌و سه‌رجه‌می هێزو بيرو باوه‌ڕه‌كانی ديكه‌ی ئه‌م وڵاته به تاوان‌بارو نه‌زان ‌دانێ، یان لانی كه‌م ده‌ورو به‌رپرسايه‌تيان له به‌ر چاوی خه‌ڵكی سوک ‌و لاواز كاته‌وه، ئه‌م کاره‌ش ته‌نیا پێوه‌ندی به ئه‌وڕۆكه‌وه نيه، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر له قسه‌و باسه‌کانی له‌مه‌وپێش‌و  سی‌دی‌ و وت‌و وێژو لێ‌كۆڵينه‌وه‌كانی خۆی‌و هاوڕيانی ورد بینه‌وه، ئه‌م مه‌به‌سته‌مان باش بۆ روون ده‌بێته‌وه.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌م مه‌به‌سته گرینگه بخه‌مه به‌رچاو، كه بۆچوونی من به په‌يڕه‌وی له كاكه ئه‌حمه‌د و به نێو یه‌ک نه‌فه‌ر مه‌کته‌ب قورئانی، دژایه‌تی له گه‌ڵ هیچ بیرو باوه‌ڕو كۆڕو كۆمه‌ڵێك‌دا نیه‌ و    هيچ كاتێكيش نه بوه؛ به‌ڵام کاتێك که تۆمه‌ت‌و بوختيان‌‌و ناڕه‌وا و تێکه‌ڵ کردنی به ئه‌نقه‌ستی راست‌و درۆ له حاستی که‌سێک که ته‌واوی ژیانی به به‌ره‌كه‌ت‌و پڕ له کۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌ی خۆی، له رێگای سه‌ربه‌رزی‌و رزگاری گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌ی‌دا فيدا كرد، ده‌بینم، به سپڵه‌یی‌و ئه‌مه‌گ نه‌ناسی ده‌زانم که هیچ نه‌ڵێم‌و به گوێره‌ی توانای خۆم به‌رگری له‌وه نه‌که‌م، به‌تايبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی که ئێستا گه‌نجن‌و   له‌وکات‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ژیاون، هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌كانی داهاتووی وڵات، سه‌ريان لێ بشێوێ‌و دۆست‌و دژمنيان به پێچه‌وانه‌وه پێ بناسێنن‌و نه‌توانن له ژيانی خۆيان‌دا له به‌سه‌رهاته‌كانی رابردوو باش تێ بگه‌ن‌و وه‌ك چرايه‌ك بۆ داهاتوو كه‌ڵكی لێ وه‌رگرن.
 

متن کامل سند یک سند  دو سند سه سند چهار سند پنج    سند شش

دیدگاهتان را بنویسید